گۆران سالح : له‌کۆنفرانسێکی راگه‌یاندنی دا چه‌ند روونکردنه‌وه‌یه‌کی دا

 

ئێواره‌ى ئه‌مرۆ له‌ شارى هه‌ولێر له‌کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانى هاوسه‌ر وبه‌ڕێوه‌به‌رى کاره‌کانى ( په‌رواز حسین ) که‌ له‌ به‌رنامه‌ى (عه‌ره‌ب ئایدل) له‌ که‌ناڵى (mbc)به‌شدارى کردووه‌ . به‌هۆیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ( گۆران سالح ) چه‌ند روونکردنه‌وه‌یه‌کى دا له‌سه‌ر به‌شداریکردنى وچۆنیه‌تى کاره‌کانى (په‌رواز حسین) به‌شداربووى به‌رنامه‌که‌ى (mbc)دا  
گۆران سالح  له‌ سه‌ره‌تاى کۆنفرانسه‌که‌دا باسى حه‌زى (په‌رواز حسین) ى کرد، بۆ هونه‌ر. رایگه‌یاند :" (په‌رواز حسین) له‌ کۆلێژى هونه‌ره‌ جوانه‌کان له‌ به‌شى مۆسیقاى ده‌نگ ده‌خوێنێ‌ و له‌زووه‌وه‌ چاوه‌رێى هه‌لێک ده‌کات، پاش ئه‌وه‌ى زانیمان به‌رنامه‌ى (عه‌ره‌ب ئایدل) له‌ که‌ناڵى (mbc)هه‌وڵى ئه‌وه‌ى داوه‌ که‌ کامێراى تایبه‌ت بنێرێ‌ بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، به‌ هه‌لـمانزانى (په‌رواز حسین) به‌شدارى پێبکه‌ین،" گۆران ووتیشى :" له‌ ده‌ستپێکدا گومانمان هه‌بوو له‌وه‌ى که‌ په‌رواز حسین سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، چونکه‌ یه‌کێک له‌ پره‌نسیپه‌کانى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌بێت که‌سیبه‌شداربوو به‌ عه‌ره‌بى قسه‌  بکات،یان ئه‌وه‌تا گۆرانیه‌کانى به‌ زمانى عه‌ره‌بى بێت، به‌ڵام که‌ناڵى (mbc) به‌هۆى (په‌روازحسین)ه‌وه‌، ئاسانکارى زۆریان کردووه‌ و ئه‌و پره‌نسیپه‌یان نه‌هێشت." 
گۆران سالح له‌به‌رده‌وامى روونکردنه‌وه‌که‌یدا ده‌ستنیشانى کرد مه‌به‌ستى ئه‌وان ته‌نیا خزمه‌تکردنه‌ به‌که‌لتورى کوردى و ووتى :"له‌و کاره‌ماندا ته‌نیا  مه‌به‌ستى ئێمه‌ خزمه‌تکردنه‌ به‌ که‌لتور و هونه‌رى کوردی."هه‌وره‌ها رایشیگه‌یاند  پاش ئه‌وه‌ى که‌ کێشه‌یه‌ک ده‌رکه‌وت به‌هۆى قسه‌ى هونه‌رمه‌ند (ئه‌حلام) چه‌ند راگه‌یاندنێک ویستیان ئه‌م کێشانه‌ گه‌وره‌ تر بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌وه‌ ئارامتر بووین و نه‌مانویستوه‌ که‌ هه‌ندێ‌ کێشه‌ که‌په‌یوه‌ندى به‌ هونه‌ره‌وه‌ نیه‌، تێکه‌ڵاوى ناو هونه‌رى بکه‌ین."ووتیشى :" کوردستان و عێراق جیاوازى نیه‌ وئێمه‌ بریارمان داوه‌ له‌م خاکه‌دا به‌یه‌که‌وه‌ بژین، ئێمه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێکه‌وه‌ ده‌ژین و هه‌مووکاره‌کانمان پێکه‌وه‌ تێپه‌ر کردووه‌. ئه‌و په‌یامه‌ى ئێمه‌ هه‌ڵمانگرتووه‌ له‌ رێگاى هونه‌ره‌وه‌."
له‌درێژه‌ى قسه‌کانى دا گۆران سالح سه‌رنجى راکێشایه‌ سه‌ر ئامانجه‌کانى په‌رواز حسێن و ووتى :" خه‌ونى په‌رواز حسین له‌م به‌رنامه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ به‌شێوه‌یه‌کى باش به‌رنامه‌که‌ ته‌واو بکات و بگات به‌ قۆناغى کۆتایی، بۆیه‌ په‌یامى په‌رواز حسین په‌یامێکى هونه‌رییه‌نه‌ک سیاسی، ده‌مانه‌وێ‌ هونه‌رى کوردى بگه‌ینینه‌ دوورترین شوێن."
گۆران سالح روونیشى کرده‌وه‌ که‌ بۆ هه‌ڵوێستى هونه‌رمه‌ندى عه‌ره‌ب (ئه‌حلام) هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنێک هه‌یه‌، پاش ئه‌و زنجیره‌ى به‌رنامه‌که‌ که‌ناڵى (mbc) په‌یوه‌ندیان پێوه‌ کردین، که‌ ئه‌وان به‌رپرس
نین له‌ هیچ وته‌یه‌کى به‌شداربوویه‌ک یان که‌سێک ئه‌وان راى تایبه‌تیان خۆیان ده‌هێننه‌ زمان. وه‌پێیان وتین که‌ ئێمه‌ چى بکه‌ین باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دڵى خه‌ڵکى کوردستان لێمان زویر نه‌بێ‌، منیش پێم وتن با هونه‌رمه‌ند (ئه‌حلام)له‌ رێگاى به‌رنامه‌که‌وه‌ سڵاوێکى تایبه‌ت بنێرێ‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان. 

 

شایه‌نى باسه‌ هونه‌رمه‌ند (ئه‌حلام ئه‌لشامسی) له‌به‌رامبه‌ر توره‌یو ناره‌زایه‌تیه‌کاندا،رونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌و رایگه‌یاند :" مه‌به‌ستى سووکایه‌تى نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێکیش وا
تێگه‌یشتووه‌ ئه‌وا هه‌فته‌ى داهاتوو له‌به‌رنامه‌که‌دا داواى لێبوردنیان لێده‌کات."
هه‌روه‌ها له‌به‌شێکى ترى رونکردنه‌وه‌که‌یدا ئه‌حلام ده‌ڵێت “مه‌به‌ستم نه‌بووه‌ هیچ سووکایه‌تییه‌ک به‌رامبه‌ر گه‌لى کورد بنوێنم ، بوونى (په‌رواز)ى له‌ پێشبڕکێکاریش له‌ به‌رنامه‌که‌دا و قبوڵبوونی
تێیدا، ده‌ربڕى په‌یامێکى به‌رزى هونه‌رییه‌ شانازى ده‌که‌م په‌رواز به‌ جوانى ده‌نگییه‌وه‌خۆشه‌ویستى و ئاشتى هه‌ڵگرتبوو، هه‌مووشمان شانازى ده‌که‌ین ."